پوخته‌ی چۆنێتی حه‌ج كردن
سەردان : ١٩٩
بەروار : ٢٠١٨/٠٨/١٢


پوخته‌ی چۆنێتی حه‌ج كردن
1ـ ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ ناو شاری مه‌ككه‌ و ده‌وروبه‌ریدایه‌ له‌ ڕۆژی هه‌شته‌م دا خۆی ده‌شۆرێت و بۆنی خۆش له‌خۆی ده‌دات و ئیحڕام ده‌به‌ستێت له‌ شوێنی خۆی و ده‌ڵێت : لبیك حجا ،لبیك اللهم لبیك ،لبیك لاشریك لك لبیك ان الحمد والنعمة لك والملك لاشریك لك.به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی هێشتا نه‌گه‌شتوونه‌ته‌ مه‌ككه‌ وله‌ ده‌ره‌وه‌ی میقاتن پێویسته‌ له‌ میقات ئیحرام ببه‌ستن.
2ـ له‌ پاش ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژی هه‌شته‌م ئیحڕامت به‌ست ده‌چیت بۆ مینا و له‌وێ ده‌مێنیته‌وه‌ هه‌تا خۆر هه‌ڵدێت له‌ به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی نۆیه‌م،هه‌موو نوێژه‌كانی ڕۆژی هه‌شته‌م له‌ نیوه‌ڕۆ و عه‌سر و مه‌غریب و عیشا و به‌یانی له‌ شوێنی خۆی ده‌كه‌یت به‌بێ كۆكردنه‌وه‌ به‌ڵام نوێژه‌ چوارییه‌كان كورت ده‌كه‌یته‌وه‌.
3 ـ له‌ ڕۆژی نۆهه‌م له‌ دوای هه‌ڵاتنی خۆر ده‌كه‌ویته‌ ڕێ به‌ره‌و عه‌ره‌فات و له‌وێ نوێژی نیوه‌ڕۆ و عه‌سر قه‌سر و جه‌مع ده‌كه‌یت،خۆئه‌گه‌ر پێش نیوه‌ڕۆ گه‌شتیته‌ نه‌میره‌ له‌وێ بمێنیته‌ وه‌ چاكتره‌،ئه‌گه‌ریش بۆت ئاسان نه‌بوو ده‌توانیت بچیته‌ عه‌ره‌فات.
4 ـ له‌ دوای ئه‌وه‌ی نوێژی نیوه‌ڕۆ و عه‌سرت قه‌سر و جه‌مع كرد له‌ عه‌ڕه‌فات ئیتر ڕوو له‌ قیبله‌ بكه‌و ده‌سته‌كانت به‌رز بكه‌ره‌وه‌ و بپاڕێره‌وه‌ و نزابكه‌ و یادی په‌روه‌ردگارت زۆر بكه‌ هه‌تا كاتی خۆر ئاوابوون چونكه‌ ئه‌مه‌ ڕۆژی لێبووردنی په‌روه‌ردگاره‌ به‌رامبه‌ر به‌نده‌كانی.
5 ـ له‌ دوای خۆر ئاوابوون له‌ عه‌ڕه‌فات ده‌ست به‌جێ ده‌چیت بۆ موزده‌لیفه‌ و له‌وێ نوێژی مه‌غریب وه‌ك خۆی ده‌كه‌یت و نوێژی عیشا كورت ده‌كه‌یته‌وه‌،وه‌له‌وێ ده‌مێنیته‌وه‌ و ده‌خه‌ویت هه‌تا به‌یانی پاشان نوێژی به‌یانی ده‌كه‌یت و خۆت سه‌رقاڵی زیكر و پاڕانه‌وه‌ ده‌كه‌یت هه‌تا ته‌واو دونیا ڕووناك ده‌بێته‌وه‌،به‌رله‌وه‌ی خۆر هه‌ڵبێت ده‌كه‌ویته‌ڕێ به‌ره‌و مینا.
6 ـ كاتێك گه‌یشتیته‌ مینا ده‌چیت عه‌قه‌به‌ی گه‌وره‌ ڕه‌جم ده‌كه‌یت به‌حه‌وت به‌رد به‌دوای یه‌كدا و له‌گه‌ڵ هاویشتنی هه‌ربه‌ردێكدا ده‌ڵێیت الله اكبر.
7ـ پاشان ده‌چیت قوربانییه‌كه‌ت سه‌رده‌بڕیت ،به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌به‌ر قه‌ره‌باڵخی بۆت نه‌كرا ده‌توانیت بیخه‌یته‌ ڕۆژی دواتر.
8 ـ پاشان ده‌چیت بۆ مه‌ككه‌و له‌وێ سه‌ری خۆت ده‌تاشیت یان هه‌مووی كورت ده‌كه‌یته‌وه‌،به‌مه‌ ته‌حه‌لولی یه‌كه‌م ده‌كه‌یت و ده‌توانیت خۆت بشۆریت و بۆنی خۆش له‌خۆت بده‌یت و به‌رگ و پۆشاكی خۆت له‌به‌ر بكه‌یت،ئیترهه‌موو شتێكت بۆ حه‌ڵاڵ ده‌بێت له‌وانه‌ی كه‌ لێت حه‌رام كرابوو به‌هۆی ئیحڕامه‌وه‌ جگه‌ له‌ خێزانت.
9 ـ پاشان هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا ده‌چیته‌ ناو به‌یت و ته‌وافی ئیفازه‌ ـ ته‌وافی حه‌ج ـ ده‌كه‌یت و سه‌عی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه‌ ده‌كه‌یت ،به‌ ته‌واو كردنی(ته‌واف و سه‌عی) ته‌حه‌لولی دووهه‌میش ده‌كه‌یت وخێزانیشت بۆ حه‌ڵاڵ ده‌بێت. 
10 ـ له‌دوای ته‌واف و سه‌عی ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ مینا و شه‌وه‌كانی یازده‌و دوازده‌ 
واجبه‌ له‌وێ بمێنیته‌وه‌،خۆئه‌گه‌ر ویستت خۆت دوابخه‌یت و شه‌و و ڕۆژی سیازده‌یش له‌وێ بمینیته‌وه‌ سوننه‌ته‌ و كارێكی باشت كردووه‌،وه‌ ئه‌گه‌رنه‌تویست شه‌وی سیازده‌ له‌وێ بمێنێته‌وه‌ واجبه‌ پێش خۆر ئاوابوون له‌ ڕۆژی دوازده‌ مینا به‌جێ بێڵێت و بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆمه‌ككه‌.
11ـ كاره‌كانی ڕۆژانی یازده‌ و دوازده‌ و سیازده‌: له‌م سێ ڕؤژه‌داهه‌موو ڕؤژێك له‌ دوای (زه‌وال) نوێژی نیوه‌ڕۆ ده‌چیت ڕه‌جمی جمره‌ی یه‌كه‌م و پاشان ناوه‌ڕاست وپاشان جه‌مره‌ی عه‌قه‌به‌ ده‌كه‌یت به‌دوای یه‌كدا و بۆ هه‌ریه‌كێكیان حه‌وت به‌رد ده‌هاوێژیت له‌گه‌ڵ ووتنی (الله اكبر) وه‌ درووست نییه‌ به‌رد هاویشتنه‌كان بخرێته‌ پێش نویوه‌ڕۆ له‌م سێ ڕۆژه‌دا، وه‌سوننه‌ته‌ له‌ دوای جه‌مره‌ی یه‌كه‌م و ناوه‌ڕاست ڕوو بكه‌یته‌ قیبله‌ و بپاڕێیته‌وه‌ به‌ پێی توانا.
12ـ هه‌ر كاتێك ویستت سه‌فه‌ر بكه‌یت و بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ ووڵاتی خۆت واجبه‌ توافی ماڵ ئاوای بكه‌یت له‌ مه‌ككه‌ی پیرۆز و پاشان سه‌فه‌ره‌كه‌ت بكه‌یت.
13ـ له‌ دوای ڕه‌جمی جه‌مه‌رات له‌ ڕۆژانی یازده‌ و دوازده‌ و سیازده‌ و جێ به‌جێ كردنی ته‌وافی ئیفازه‌ و سه‌عی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه‌ كۆتای دێت به‌كاره‌كانی حه‌ج، ئیتر هه‌وڵ بده‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ له‌وێ ده‌مێنیته‌وه‌ هه‌تا كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ت فرسه‌تێكی گه‌وره‌یه‌ و له‌ ده‌ستی خۆتی مه‌ده‌ ئاماده‌به‌ له‌ نوێژه‌كانی جه‌ماعه‌ت و زۆر له‌ خوای گه‌وره‌ بپاڕێره‌وه‌ و سه‌رقاڵی زیكر و نزاو قورئان خوێندن به‌.
وصلی الله وسلم علی نبینا محمد وعلی اله وصحبه اجمعین. 
له‌ شێخ ابن عثیمین وه‌رگیراوه‌ ـ رحمه الله ـ به‌ تۆزێك ده‌ستكاری كه‌مه‌وه‌.
محسن محمود سلیمان 
1 / نۆمینه‌ی حاجیان/ 1439 ك